Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 11/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق کرا.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێکهینانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، کە بێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی فیدراڵی بگرێت.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی لە بواری دارایی و پشتیوانیشی بۆ ئەو چاکسازییانە دەربڕی.