سەرۆکی حکومەت: کار بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پیشەسازی دەکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2 - Golden Technology 2)ی دانا.
لە سەرەتادا سەرۆكی حكومەت بەشەكانی كارگەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەرهەمهێنان لە كارگەكە كرد. دواتر لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، سەرۆکی حکومەت لە گوتارێكدا باسی لەوە كرد كە ئەم كارگەیە و پرۆژەكانی هاوشێوەی، بەشێكن لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان. خۆشحاڵیی خۆیشی لەوە دەربڕی كە كارگەكە دەرفەتی كاری بۆ زیاتر لە 100 كەس دروست كردووە و لە دوای فراوانكردنیشی، هەلی كار بۆ 400 كەس دەڕەخسێنێت.
پاشان سەرۆكی حكومەت لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە كرد: "من دڵخۆش بووم بەوەی كە بینیم ئاستی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی كە ئێمە بتوانین لێرە مۆبایلی زیرەك و تابلێتی زیرەك دروست بكەین، ئەمە هەنگاوی یەكەمە، هیوادارم هەنگاوەكانی دواتر، هەر هەموو دروستكردنی ئەم جۆرە ئامێرانە لە سەرەتاوە تا كۆتایی لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێن. ئەمە بە یارمەتی و پشتیوانیی كۆمپانیای بیانی كە كراوە، بێگومان زانستی زیاتر دێنێتە ئێرە، بەڵام ئەوەی زیاتر دڵخۆشی كردم، توانای گەنجەكانی خۆمان بووە كە زۆربەی ئەو كەسانەی لەسەر ئەم كارگەیە كار دەكەن، گەنجانی ناو خودی هەرێمی كوردستانن، ئەمە ئومێدێكی زۆر دەبەخشێت بەوەی كە ئاییندەی كوردستان ئاییندەیەكی ڕووناكتر و گەشترە و لەلایەكی تریشەوە بارێكی قورس لەسەر حكومەتی هەرێم هەڵدەگرێت كە خەڵك تەنیا چاویان لە كەرتی گشتی و دامەزراندن نەبێ، كەواتە كەرتی تایبەت خەریكە جێی خۆی دەكاتەوە و دەبێتە شوێنی ئومێد بۆ ئەوەی خەڵكێكی گەنج بتوانن لەوێ بە دوای كاردا بگەڕێن."
لەبارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكاش لە هەولێر، سەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، ئەمە ئاماژەیەكی ڕوونە لەسەر هێز و ئەو پەیوەندییە باشەی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا هەیە، پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوانماندا هەیە و دروستكردنی ئەو كونسوڵخانەیەش هەر ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە بەوەی كە بەتەمان و هیوادارین بەردەوامیش بن لەوەی كە زیاتر بتوانین یارمەتیی یەكتر بدەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانمان.
هەر چی پەیوەندی بە بابەتی دواخستنی مووچەیە، مەسرور بارزانی گوتی: "هیچ پاساوێك نییە بۆ دواخستنی مووچە و نەدەبووایە ئەوەندەش دوابكەوێت، جێی داخە كە هێشتا ئێمە چاوەڕێی مووچەی مانگی (9)ین بەڵام حكومەتی فیدرالی دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 كردووە یان خەریكە دەست پێ دەكات. ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كردووە و داوامان كردووە كە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكوو خۆی و لە كاتی خۆیدا بنێرن. ئێستاش چاوەڕێ دەكەین، ئەوەی بیستوومانە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە بە زووترین كات ئەو مووچەیە بنێرن، بەڵام ئەمە تەنیا مووچەی مانگی 9 نییە، ئێمە خەریكین بەرەو كۆتایيی ساڵ دەڕۆین و هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە كە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێ و فشاری تەواویش دەكەین لەسەر حكومەتی فیدرالی كە مووچەكان هەموویان بنێرن. ئیتر ئەگەر ئەمە نەكرێ، دەبێ گلەییەكە ئاراستەی حكومەتی فیدرالی بكرێ، چونكە حكومەتی هەرێم هەموو پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە لە دابینكردنی داهاتی نانەوتی لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوە، هەموو ئەو ئەركانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستانن، جێبەجێ كراون، ئیتر ئێستا نۆرەی حكومەتی فیدرالییە كە ئەوانیش بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی حكومەت باسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی كرد و گوتی: "هەلومەرجێكی نوێ هاتووەتە پێشەوە، ئێمە زۆر هەوڵمان دا پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت كە بێگومان ئەو وەختە مروونەتی زیاتر و هەلی زیاتریش لە پێش بوو، بەڵام لایەنەكانی تر وایان پێ خۆش بوو كە بابەتەكە دوابخرێت تاكوو هەڵبژاردنی عێراق دەكرێ، ئێستاش هەروەكوو خۆیان ویستوویانە هەلومەرجێكی نوێ هاتووەتە پێشەوە و ئێمەش بەپێی ئەو هەلومەرجانە هەڵسوكەوت دەكەین."
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، ڕۆژتان باش.
خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم بۆ دانانی بەردی بناخەی بەشی دووەمی ئەم كۆمپانیایەی كە (ZMC GROUP) خاوەندارێتی دەكات و سوپاسی كاك عامر دەكەم بۆ دروستكردنی ئەو ئامێرە تەكنەلۆژیایانەی كە لێرە لەم كۆمپانیایە بە هاوكاریی كۆمپانیای (ترانشنی چاینی)ی، تەلەفۆنی (INFINIX) و تابلێت بەرهەم دەهێنن.
بەڕاستی ئەم جۆرە كارە پیشەسازییانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەستیان پێكردووە، ئەمانە بەشێكن لەو هەوڵانەی حكومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان. ئێمە لە هەموو ڕوویەكەوە هەوڵمان داوە ئابووریی خۆمان فرەچەشن بكەین و گرنگی بە هەموو كەرتەكان بدەین. بێگومان كەرتی پیشەسازیش یەكێكە لەو كەرتانەی كە دەتوانێت زیاترین هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان بەرهەم بهێنێت.
دەستخۆشی لە كاك عامر دەكەم و لە هەموو ئەو وەبەرهێنەرانەی تر كە لە كوردستان كار دەكەن، وەبەرهێنان دەكەن، هەم بۆ پێشخستنی ئابووریی كوردستان، هەم بۆ دروستكردنی هەلی كاری زیاتر بۆ گەنجەكانمان و هەم خۆشیان بێگومان سوودمەند دەبن لە فراوانكردنی كارە بازرگانییەكانی خۆیان.
ئەوەی كە ئەمڕۆ بینیم جێی دڵخۆشی بوو، چونكە زۆربەی ئەو هێزەی كە كارەكانیان دەكرد، ئەو بەڕێزانەی كە لەسەر ئەم ئامێرانە كاریان دەكرد، ئەوانە هەمووی هێزی ناوخۆیی بوون، هەمووی گەنجی بەتوانای ناوخۆی هەرێمی كوردستانن، لەوانەیە چەند پسپۆڕێكی بیانیشیان لەگەڵە، بەڵام هەمیشە پێویستیمان بە پسپۆڕی و زانستی دۆستەكانمان دەبێت لە دەرەوە یارمەتیی ئێمە بدەن و زانستی نوێ تێكەڵی هەرێمی كوردستان بكەن تاوەكوو ئێمەش زیاتر بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین. بەڵام دروستكردنی ئەم هەموو هەلی كارە، ئەمە بێگومان بارێكی قورس لەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڵدەگرێت. ئەوەی بیستم تا ئێستا زیاتر لە 100 هەلی كار دروست كراوە بۆ ئەو گەنجانەی لێرەدا كار دەكەن، بەڵام بە فراوانكردنی كارەكانیان، هەم بەرهەمەكانیان لە سنووری 45 هەزار ئامێری مانگانە بۆ زیاتر لە 100 هەزار زیاد دەكات، هەم هەلی كاریش لە 100 كەسەوە بەرەو زیاتر لە 400 كەس دەڕوات.
هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی تریش چاو لەم جۆرە كارانە بكەن، وەبەرهێنانی زیاتر لە كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی بە یەكەوە ئێمە وڵاتێكی خۆشتر و ئاوەدانتر بۆ هەموومان دروست بكەین.
جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز كونسوڵی گشتیی وڵاتی چینیش بكەم بۆ پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامیان لەو كۆمپانیا چینییانەی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن. سوپاس و دەستخۆشی لە دەستەی وەبەرهێنان دەكەم كە یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەم جۆرە كارانەن. دەستخۆشیش لە وەزارەتی پیشەسازیش دەكەم بۆ ئەو ئاسانكارییانەی كە دەیكەن، تاوەكوو ئێمە بتوانین كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی تر ببەین.
ئێمە لە هەموو گفتوگۆكانماندا لەگەڵ دۆستەكانمان، لەگەڵ كونسوڵخانەكان، لەگەڵ باڵوێزەكان، لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە و داواشمان لێ كردوون كە بیر لەوە بكەنەوە بەشێك لە كارەكانیان، لە دروستكردنی ئامێرەكانیان بێننە هەرێمی كوردستان. بەمە هەم خۆیان سوودمەند دەبن لەوەی كە ئێمە هێزێكی كاریگەر و توانای گەنجمان هەیە دەتوانن بەكاریان بخەن، هەم لە ڕووی ئابووریشەوە دەتوانن سوودمەند بن، چونكە پێموایە بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان لەوانەیە زۆر زۆر هەرزانتر بكەوێت.
ئەم جۆرە بەرهەمەی كە ئەمڕۆ ئێمە بینیمان، بێگومان بە نرخێكی گونجاو دەكەوێتە بەردەستی هاووڵاتیيان، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو ئەوەی بیستم هەناردەی شوێنەكانی تریش دەكرێن، هیوادارم بەردەوام بن لە پێشكەوتن و لە سەركەوتن.
ئێمە دەمانەوێت كەرتی پیشەسازی وەكوو هەموو كەرتەكانی تر زیاتر پەرەی پێ بدەین، بۆ ئەمە پێویستیمان بە ئەزموونی بیانی هەیە، پێویستیمان بەوە هەیە ئەوان تەكنەلۆژیای زیاتر، پێشكەوتووی وڵاتەكانی خۆیان بێننە هەرێمی كوردستان، هەم لەلایەك لە دەستپێك دەتوانن لە لێكدان و بەستنی ئامێرەكان یارمەتیی ئێمە بدەن و بەشێك لە كارەكانیان بگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئاییندەدا ئومێدمان وایە كە ئێمە بتوانین بە ئەو كەرەستەی خاوی سروشتی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئێمە بتوانین زۆر لەو ئامێرە تەكنەلۆژییانەی كە پێویستن، هەر لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنین و كارگە لە سەرەتاوە تا كۆتایی هەمووی بەرهەمی هەرێمی كوردستان بێت.
بە ئومێدی ئەو ڕۆژە، ئێمە لە خزمەتی ئێوە دەبین و هیوادارین هەمووتان سەركەوتوو بن و تەمەننای سەركەوتنیش بۆ هەموو وەبەرهێنەران دەكەم، دڵنیاشتان دەكەم كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ئێوە.
ئێوە هەر سەركەوتوو بن، هەر تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.