Skip to the content

سەرۆكی حكومەت: هیوادارم خەڵك لە كەشێكی ئارام و ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11/11، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بنكەیەكی دەنگدان لە پیرمام، بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

پاشان سەرۆكی حكومەت، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندن هیوای خواست خەڵك لە كەشێكی ئارام و ئازادانە بتوانن دەنگی خۆیان بدەن و داواشی كرد كۆمسیۆن بە ئەمانەتەوە تا كۆتایی پرۆسەكە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بكات.

ئەمەش دەقی لێدوانەكەیە:

بەیانیتان باش و بە ناوی خودا

ئەمڕۆ ڕۆژی بڕیاری خەڵكە، هیوادارم خەڵك بتوانێت لە كەشێكی ئارام و ئازاد دا و بە ئارەزووی خۆیان، دەنگی خۆیان بدەن و خەڵكێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە ڕەواكانی ئەوان و مافە دەستوورییەكانی خەڵك بكات.

بێگومان هەڵبژاردنێكی گرنگە و هیوادارم خەڵك بە هەموو ئارەزووی خۆی و دوور لە هەموو فشارێك، بڕیاری خۆی بدات، چونكە بڕیاری ئەمڕۆی خەڵك، ڕێڕەو و شێوازی حوكمڕانیی چوار ساڵی داهاتوو دیار دەكات. هیوادارم كۆمسیۆنیش، بە ئەمانەتەوە تا كۆتایی پرۆسەكە مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بكات.

داوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم و هیوادارم هەموو هاووڵاتییان ئەمڕۆ بێن و دەنگی خۆیان بدەن.

سەركەوتوو بن، زۆر سوپاس.