Skip to the content

سەرۆکی حکومەت قۆناخی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری گەیاندنی ئاوی بۆ ناو شاری هەولێر کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەم و کۆتاییی پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی ئاوی بۆ ناو شاری هەولێر کردەوە.

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) و خاوەنی کۆمپانیاکە خالید خۆشناوی کرد و گوتی: ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی زۆری هەولێر و هەرێمی کوردستان دەکات و کارەکانی پرۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی کراون، هەروەها توانییان لە کاتێکی پێوانەیی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکەن.

سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی: هەموو ئەو کەسانەی سەردانی ئێرەیان کردووە، پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاوەکوو تەواو دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوە کەمەدا تەواو بکرێت کە جێگەی دەستخۆشییە تەواوی کارەکانی پرۆژەکە بە هێز و بازووی ناوخۆیی کراوە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو.

تێچووی پرۆژەکە 480 ملیۆن دۆلارە و قۆناخی یەکەمی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ کرایەوە کە له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت.