سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/16, مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە عیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.
باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و هیوای خواست ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئەوەی بە لای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە ، کارنامە و بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق و پابەندبوونیەتی بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوە.