پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و نوێنەرەکانیان هەڵبژارد، هەروەها سوپاسی کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەستخۆشی لە هەموو بریکار و چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی دەکەم بۆ هاوکاری و چاودێریکردنی
پرۆسەکە.
هیوادارم بە ئەمانەتەوە، ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراق بکەن.
ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەست پێ بکات و ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/11/11