Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر ژێرخانی گازی هەرێمی کوردستان، تووشی کەمیی کارەبا بوونەوە. خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بەگشتی ئەم هێرشەیان شەرمەزار کرد، کە دژی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بوو و بووە هۆی بڕینی کارەبای ملیۆنان کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

ئەمڕۆ لەدوای ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز گەیشتینە ڕێککەوتن، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە قسەم کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و گشت کارمەندەکانم کرد بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزیان. ئەمە یازدەمین هێرشە بۆ سەر کێڵگەکە و ئامادەییی ئەوانیش بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەیان، نیشاندەری خۆڕاگرییانە. دڵنیاشم کردنەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانمان.
ئەم هێرشە نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت هێرشەکان ببنە ڕووداوی ئاسایی.
دیار بوو کە دوژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک هەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم هێرشەیان کرد و دژی ڕووناکی وەستانەوە و هەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە.
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر لایەن و گرووپێک بن و لە هەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕادەستی یاسا بکرێن. ئەوە تاکە ڕێگرییە و چاوەڕوانین ڕێوشوێنی جیددی و کردارەکی بگیرێتەبەر، چونکە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و مافیا گەندەڵەکان بەبێ هیچ سزا و لێپێچینەوەیەک، هێرش بکەنە سەر ژێرخانی ئابووریی وڵات و دڵیان بە ئازاری خەڵکی کوردستان خۆش بکەن.

سوپاسی تیمی تەکنیکیی هەر دوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا و هێزە ئەمنییەکان دەکەم بۆ کارکردن و ماندووبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هێرشە ترسنۆکانە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان نامانوەستێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و درێژەدان بە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەیان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان