Skip to the content

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازیی له‌ باڵيۆزى توركيا دەکات

ئه‌مڕۆ سێشەممە‌ 10/21، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.

باڵيۆزى توركيا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا لە سەرۆکی حکومەت کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە ڕێککەوتنی سێلایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.