سەرۆکی حکومەت نەخۆشخانەی (شۆرەش-هێتیت)ی لە دێرەلووک كردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی (شۆرەش-هێتیت)ی گشتی لە شارەدێی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک كردەوە.
سەرۆكی حكومەت سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی بینی كە لە نەخۆشخانەكەدا پێشكەش بە خەڵكی دەكرێن.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە كرد کە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك، پێویست بوو ئێمە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، جگە لەوەی ئەمە داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، چونكە زۆرجار بە تایبەتی لە وەرزی زستان و لە كاتێكدا بەفر هەبووایە، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیكە لە ئامێدی و ، دهۆک یان هەولێر، بۆیە بڕیار درا ئەم نەخۆشخانەیە دروست بکرێت، لەو كاتەوە تا ئێستا كارێكی زۆر باش كراوە، من سەردانی هەموو بەشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەم كرد، بەڕاستت بە شێوازێكی زۆر سەردەمیانە و بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، لەو باوەڕەدام كە پزیشك و نۆژدار و پەرستاری زۆر باشیشمان هەن و زۆر باش چاوی خۆیان دەدەنە خەڵكی ئەم دەڤەرە و چیتر ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شاری دیكە بكەن.“
هاوكات دەستخۆشیی لە خەڵكی دەڤەرەكە كرد و گوتی: ”بەڕاستی شایانی هەموو خزمەتێكن كە بۆتان بكرێت، چونكە دەڤەرێكی قوربانیدەر بووە و بەردەوام شۆڕش لەم دەڤەرە هەبووە و ئێستاش رۆڵی ئێمەیە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین.“
نەخۆشخانەکە گشتیی 100 قەرەوێلەییە و لە چوار نهۆم پێکهاتووە و 43 ملیۆن دۆلاری تێچووە.