بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت، دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/1، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆردی ئەمینداران کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی دەستەکە بەشداربوو ،سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمینداران، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی دەستەکە پێشخستن و باشترکردنی پێوەر و ستاندارد و کواڵێتی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان.جەختیشیی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری دەستەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و ئاژانسەکانی تایبەت بەم بوارە کردەوە. هەروەها سوپاسی دەستەی ئەمیندارانیشی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنیان لەم پێناوەدا.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە بارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، چەند بڕیارێکی پێویست دران ، لەوانە پەسەندکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین.
هەروەها بڕیار درا زانکۆکانی کاتۆلیک لە هەولێر، زانکۆی سۆڕان، زانکۆی نەورۆز، زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ببن بە بەشیك لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.