Skip to the content

سەرۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی گەنجانی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/5، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان, پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد کە لە سەد گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوو.

سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانیان، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە گەنجانی کورد کرد کە پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان ، هەروەها داواشی لێکردن کە نموونەیەکی باش و جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان .