سەرۆکی حکومەت بەرزەپردی دەروازەی سۆرانی كردەوە
* سەرۆکی حکومەت ماستەرپلانی گەشتیاریی گەلی عەلی بەگ و پڕۆژەی دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی لە سۆران بەسەر دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 10/27، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزەپردی دەروازەی شاری سۆرانی كردەوە.
لە گوتەیەکەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزباییكردن لە خەڵكی سۆران، ئاماژەی بەوە كرد: "ئەمە بەشێكە لەو پرۆژانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی بۆ پەرەپێدانی ڕێگەوبان و باشتركردنی هاتوچۆ لە شارەكان، بۆ ئەوەی هەم گەشتیارەكان بتوانن زیاتر سەردانی ئەم دەڤەرە بكەن كە شوێنێكی زۆر زۆر سەرنجڕاكێشە، هەم خەڵكی ئێمەش بتوانێت باشتر سوود لەو ڕێگەوبانانە وەربگرێت، هەم بۆ سەلامەتیی خۆشیان، بەم جۆرە و بەم ئاستە بەرزە كە دروست كراوە، بەڕاستی جێی شانازییە."
سەرۆكی حكومەت دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن، داواشی لە هاووڵاتيیان كرد، ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتیيان بپارێزن.
لە كۆتاییشدا قسەكانیشیدا داوای لە هاووڵاتیيان كرد و گوتی: "وەك هەمیشە داوایەكی تریشم هەیە، ژینگەی وڵاتەكەتان بپارێزن."
بەرزەپردی دەروازەی سۆران بە گوژمەی زیاتر لە 33 ملیار دینار جێبەجێ كراوە، درێژییەكەی زیاتر لە 2095 مەترە و ڕۆڵی دەبێت لە ئاسانكردنی هاتوچۆ بۆ دانیشتووانی سۆران و ئەو گەشتیارانەی كە سەردانی دەڤەرەكە دەكەن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ماستەرپلانی گەشتیاریی گەلی عەلی بەگی بەسەرکردەوە، کە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی گەورە. هیواشی خواست ناوچەکە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی و ببێتە هۆی زیاتر سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران.
پاشان سەرۆکی حکومەت پڕۆژەی دووسایدی هۆڵی بۆنەکان-گەڕەکی ئازادی لە سۆران بەسەر کردەوە کە بە گوژمەی نزیکەی 52 ملیار دیناری عێراقی، لەلایەن کۆمپانیای کاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت.