سەرۆكی حكومەت سەنتەری پشکنینی کۆمپانیای تۆیۆتا لە دهۆك دەکاتەوە

ئەمڕۆ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری دهۆك و بە ئامادەبوونی ئیندۆ ئەکیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، كۆگا و سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی كۆمپانیای تۆیۆتای كردەوە.
لە گوتەیەکدا كە لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەکەدا، پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت دەستخۆشی لە سەردار گرووپ کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو متمانەیە دەربڕی كە ژاپۆن بە هەرێمی كوردستانی كردووە و شارێكی كوردستانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی ژاپۆنی كە دەهێنرێنە عێراق و پشکنینیان بۆ بکرێت و لێرەوە بۆ شارەكانی دیکە هەناردە بكرێن. سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دووپات كردەوە. گوتیشی ئەم پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان كە بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری كارەكانی لەم جۆرە بن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی دڵخۆشبووم كە بینیم بەشێك لەو كارمەندانەی لێرە كار دەكەن، خەڵكی ئێرەن و فێری كاری پیشەیی دەبن، نەك تەنیا ئۆتۆمبێلەكان لێرە هاوردە و هەناردە دەكرێن، بەڵكوو لێرە بە شێوەیەكی زۆر باش لە كۆنترۆلی جۆری كە لێرە دەكرێت بە ستانداردێكی ژاپۆنی و بەشێك لە پارچەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لێرەوە دەبەسترێنەوە، ئەمە هەمووی دروستكردنی هەلی كارە و شارەزاییی زیاتر دێنێتە ناو وڵات و خەڵكی ئێمە فێری كاری باشتر دەبن. هیوادارم لەمەش زیاتر كاری پیشەییی لەم جۆرە دروست بكرێ و ئەم كۆمپانیایەش بتوانێت كاری زۆر زۆر لەمە گەورەتریش ئەنجام بدات.