Skip to the content

سەرۆكی حكومەت لە ڕێورەسمی کردنەوەی پاركی سەرهڵدان لە دهۆك: كوردستان ماڵی گەورەی ئێمەیە و پێویستە ژینگەکەی بپارێزین

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاركی (سەرهڵدان)ی لە گەڕەکی بەرۆشکێی شاری دهۆك كردەوە.

لە گوتارێكدا سەرۆكی حكوومەت هیوای خواست كە خەڵكی کوردستان بە باشترین شێوە سوود لەو پرۆژانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرن.

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، سەرۆكی حكومەت نیگەرانیی خۆی پیسکردنی ژینگە لەلایەن هەندێك خەڵك لە شوێنە گەشتیارییەكان دەربڕی و باسی لەوە كرد كە كوردستان ماڵی گەورەی هەمووانە و خاوەنی سروشتێكی جوان و شوێنی دڵگەشی گەشتیارییە، بۆیە پێویستە هەمووان ژینگەی كوردستان بپارێزن.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤان

هێزی ئێمە لە باوەڕیی ئێمەدایە بە خودای گەورە بۆ پشتیوانیكردنی پێشمەرگەی قارەمان و خەڵكی خۆڕاگری كوردستان
من بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو ئامادەبووانی هێژا دەكەم و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لێرە بەشدارم لە كردنەوەی پاركی (سەرهڵدان) كە پێش ساڵێك لێرە بەردی بناخەی داندراوە لە گەڕەكی بەرۆشكێ . پێش چەند ساڵێك هاتم و سەردانی ئێرەم كرد، بە حەقیقەت من هەستم بەوە كرد كە وەكوو پێویست كاری خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆك نەكراوە، ڕەنگە خەڵكی ئەم گەڕەكە لە ڕووی توانای داراییەوە وەكوو پێویست دەوڵەمەند نەبن، بەڵام ئەوەی من بینیم و قسەم لەگەڵ کردوون، بە حەقیقەت بینیم كە خەڵكێكی زۆر دەوڵەمەند نیشتەجێی ئێرەن، دەوڵەمەند بە بیروباوەڕی خۆیان، دەوڵەمەند بە نیشتمانپەروەریی و خزمەتیی خۆیان. زۆر ماڵی شەهیدان و پێشمەرگەی قارەمان لێرەن كە شایانی ئەوەن هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە كاتێك داوای كردنەوەی ئەم پاركە كرا، ئێمە بە دڵ و گیان حەزمان كرد ئەم پاركەیان بۆ دروست بكرێت.

جێی دەستخۆشییە كە كۆمپانیای جێبەجێكار لە ماوەی ساڵێكدا ئەم پاركەی دروست كرد و بە شێوەیەكی زۆر جوان ئەمڕۆ ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لە خەڵكی دهۆك.

پێش ئێستا ئێرە شوێنی پیشەوەران و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بوو و گەلێك خەڵك لێرە كاریان دەكرد، بەڵام جێی كاری ئەوان گونجاو نەبوو بۆ ئەو كارەی تێیدا دەكەن، بۆیە بڕیار درا شوێنێكی دیكەی پیشەسازی ئامادە بكرێ و بە خۆشحاڵییەوە، ئێستا ئەو پیشەوەرانە لە شوێنی نوێی خۆیان لە كارەكانیان بەردەوامن و ئەم پاركەش لێرە ئامادەكراوە بۆ خەڵك، بە تایبەتیش بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆك كە گەلێك خزمەتگوزاریی لەم پارکەدا ئامادە كراوە، لە ڕووی تەندروستییەوە باوەڕم وایە كە خەڵكێك سوودی لێ دەبینن، لە رووی وەرزشییەوە شوێن دەستنیشان كراوە كە تەنانەت بۆ منداڵان شوێن ئامادە كراوە و دەتوانن كاتی خۆیان لێی بەسەر ببەن.

هیوای من ئەوەیە ئێوە كاتێكی خۆشتان لەم پاركە و شوێنی دیكە هەبێت، ئەمە یەكێكە لەو پرۆژانەی كە بەردەوامین لە ئەنجامدانیان، هەروەك پێشتریش من باسم كرد لە ئالووكا پاركێكی دیكەش كاری تێدا دەكرێت، دیسان ئەو پاركەش تەواو بكرێت و دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی دهۆكی رەنگین.

جێی دڵخۆشییە كە ئێمە دەبینین ئەنجامی پرۆژەكان دەردەكەوێت و خەڵك سوودی لێ دەبینن، هیچ منەتێكی تێدا نییە، ئەمە ئەركی ئێمەیە و پێویستە ئێمە خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین.

خەڵكی ئێمە و قارەمانانی ئەم میللەتە، خەڵكێكی خۆڕاگرن بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و ئەو هەموو نەهامەتییەی كە رووبەڕووی ئەم میللەتە بووەتەوە و بەردەوامبوون لە خۆڕاگری، بەڵام رۆژی خۆشترمان لەپێشە و ئینشائەڵا گەلێك پرۆژەی باشتریش ئەنجام دەدرێن لە شاری دهۆك و هەموو شارەكانی كوردستان و دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان.

بابەتێك هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، لەم دوو رۆژەدا كە لێرەم، من چووم سەردانی هەندێك جێی دیكەشم كرد، چوومە لای سوارەتووكا و زاویتە و سەرسنگ و ئامێدی و شێخان و شاریا و بەنداوی دهۆكیش، وڵاتی ئێمە وڵاتێكی زۆر خۆشە، جێی گەشتیاریی خۆشی تێدایە، بەڵام خاڵێكی جێی پێویستییە لەسەری راوەستین، ئەویش ژینگەپارێزییە. بەداخەوە من بینیم زۆر پاشماوە و زبڵ لەسەر رۆخی شەقامەكان فڕێ دراون كە ئەمە لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێت، داواکارم خەڵكی كوردستان، ژینگەی خۆیان بپارێزن، وڵاتی خۆتان بپارێزن، وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەركی ئێمە هەمووانە. داوای من ئەوەیە ئەو گەشتیارانەش كە سەردانی ئێرە دەكەن، دیسان رێنماییان بۆ دەربكرێت كە پێویستە كەشوهەوا و ژینگەی كوردستان بپارێزن.، پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێوشوێن و ڕێنمایی پێویست بۆ هەر كەسێك دەربکەن ژینگەی كوردستان پیس دەكات، پێویستە سزای بۆ دیاری بكەن، چونكە بەڕاستی جێی قەبووڵكردن نییە ئەم وڵاتە پیرۆزە كە بست بە بستی ئەم خاكەی خوێنی شەهیدانمانی لێ رژاوە، پیس بكرێت. داوای من ئەوەیە لە خوشك و برایانی خۆشەویست لە شاری دهۆك و لە هەموو كوردستان، ژینگەی خۆتان بپارێزن، تاوەكوو ئێمەش زیاتر بتوانین خزمەتی ئێوە بكەین، نەك هەر ئەم پاركە، بەڵکوو چەندین پارك و شوێنی دیكەی گەشتیاری ئاوا بكەین و ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەین.

جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، هیوادارم كاتێكی خۆشتان هەبێت، پیرۆز بێت پاركی سەرهڵدان لە تاخی بەرۆشكێ و لە هەموو خەڵكی دهۆك و هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە شایانی زۆر زیاترن و ئەگەر خوا پشتیوان بێت،هەرچی پێمان بكرێت لە خزمەتكردنی ئێوەدا بەردەوام دەبین.
هەر ساخ و سەلامەت بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.