سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات

* بڕیاردرا هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە.
* پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 9/15، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد.
سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراون و جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حكومەت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.
کۆبوونەوەکە داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.