Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 9/9 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد کە لە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە ، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی ئەمەریکا دەربڕی . پاشان تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری ، بە تایبەتی لە کەرتەکانی وزە و کشتوکاڵ و سیستەمی بانکی و دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەردوو پڕۆژەی ( هەژماری من ) و ( ڕووناکی ) کرد .
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دووپات کردەوە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، بە ناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازیی گەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی شاندەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەربڕی.
لە کۆتاییدا ، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەڵامیی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.