Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەندا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 9/1، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا .
سەرۆکی حکومەت سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێم و میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی کرد.
هەروەها ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا، شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری سەردانی هەرێم بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.