Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/5، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لە دوبەی، لەگەڵ محەمەد قرقاوی، سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی لوتکەکەکەی لە محەمەد قرقاوی کرد کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین کۆنفرانس و لوتکەکانی ناوچەکە و جیهان.

هەروەها سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، کە نموونەیەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووی ئابووری و حوکمڕانییە.

وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی لە لوتکەکە کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە. لەم ڕووەوە ئاماژە بە پلاتفۆرمی یاسایی درا کە بڕیارە لەم نزیکانەدا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکە لە بڕگەکانی ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.