سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2/18، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ و هەرێم تاووتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لە عێراق، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. حکومەتێک بێت کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی عێراق بکات.
هەروەها جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و سەرتاسەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.