سەرۆكی حكومەت ماڵی كوردستانی لە داڤۆس كردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1/19، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، سویسرا، ماڵی كوردستانی كردەوە.
لە گوتەیەکدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی كوردستان پێشكەشى كرد، سەرۆكی حكومەت باسی لە گرنگیی كۆڕبەندی داڤۆس و خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری كرد.
ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم
زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی تریش توانیمان لێرە لە داڤۆس بە یەك بگەینەوە و بە پشتیوانيی خودا ئەمساڵیش، ماڵی كوردستان لە داڤۆس دەكەینەوە كە بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو دەرگای كراوە دەبێت بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست، هەروەها بۆ میوانە بەڕێزەكانیش كە دەتوانن سەردانی ماڵی كوردستان بكەن.
ئەمە چەندین ساڵە شاندی كوردستان هەمیشە بەشدارە لە كۆڕبەندی داڤۆس كە یەكێكە لە كۆڕبەندە هەرە گرنگەكانی دونیا بۆ بەیەكەوە گەیاندنی سەرانی سیاسی و سەركردەكانی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان. هەموو ئەو سەركردانە، سەرۆكەكان دێن لێرە كۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروباوەڕەكان و گۆڕینەوەی بۆچوونەكان لەبارەی ئاڵنگارییەكان، دەرفەتەكان، چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئابووری، ئەمە دەرفەتێكیشە بۆ ئێمەی كورد و خەڵكی كوردستان كە بتوانین بێین لێرە بەشدار بین بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانمان چ لەسەر ئاستی سیاسی بێت یان لەسەر ئاستی ئابووری بێت. هەروەها بازرگانەكانمان، وەبەرهێنەرەكانمان، سەرمایەدارەكانمان، ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت لێرە لەگەڵ سەركردەكانی تری جیهان دیدار و گفتوگۆ بكەن و پەیوەندی دروست بكەن و دەرگای زیاتریش بۆ كوردستان بكەنەوە بە رووی وەبەرهێنەرانی دونیا كە ئەو دەرفەتە لەوانەیە پێشتر وەكوو پێویست نەبووبێت، یانیش خەڵك زۆر شارەزای ئەو دەرفەتانە نەبووبێت كە لە كوردستان هەیە.
من سوپاسی هەموو ئەو وەبەرهێنەر و بەڕێزانە دەكەم كە سپۆنسەری ماڵی كوردستانیان كردووە، ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە و هەر ساڵیش گەورەتر دەبێت و بە ڕێژەیەكی فراوانتر بزنسمەن و سەرمایەدارانی كوردستان لەم كۆڕبەندە بەشداری دەكەن. نازانم ساڵی داهاتوو لەوانەیە شوێنەكە بەشیشمان نەكات و دەبێ لە شوێنێكی گەورەتر بگەڕێین.
هیوادارم بتوانین لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو چەندین دیداری گرنگ ئەنجام بدەین لەگەڵ سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، بێگومان ئەوەی لامان گرنگ و مەبەستە ئەمەیە كە ئێمە بتوانین بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ باس بكەین، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئابووری و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بتوانین پشتیوانییەكی زیاتر لە سەرانسەری جیهان بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەین و ڕێگەشیان بۆ خۆش بكەین كە ئەوان بتوانن بێن سەردانی كوردستان بكەن و وەبەرهێنانی زیاتریش لە كوردستان بكەن.
من هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم
هیوادارم هەمووتان كاتێكی خۆش بەسەر ببەن و سەركەوتوو بن لە كار و چالاكییەكانتان.
زۆر سوپاس.