سەرۆکی حکومەت لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە، کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، نوێنەری شا و وەزیری دیوانی سەرۆک وەزیران، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووريی نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە.
دۆخی گشتیی عێراق و ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریا ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گرژی و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کرایەوە.