Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس ، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، دۆخیی گشتیی و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و گفتوگۆی لایەنەسیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ، سڵاو و ڕێزی ئیمانوێل ماکڕۆن - ی سەرۆکی فەرەنسای بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و جەختی لە برەودانی زیاتر بە دۆستایەتیی و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە شەڕ و پەرەسەندنی سەربازی سووریا. هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکان دەربڕی کە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعشی لێ دەکەوێتەوە. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی گورد و گشت پێکهاتەکان .