Skip to the content

سەرۆكی حكومەت: لە داڤۆس، هەوڵماندا پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی بەهێز بەدەستبهێنین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی كورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا ئەوەی خستەڕوو، لە دیدار و گفتوگۆكانیدا لە داڤۆس، لەسەر دوو تەوەر قسەیان كردووە، تەوەری یەكەمیان ئەوە بووە، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و لەگەڵ كۆمپانیاكانی جیهان باشتر بكەن، دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان بكەنەوە و پەیوەندیی نێوان كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی جیهان دروست بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو ، تەوەری دووەمی گفتوگۆكانی لە داڤۆس ئەوە بووە، "دوای ئەو رووداوە ناخۆشانەی لە رۆژئاوا سەریان هەڵدا، ئێمە تەركیزمان خستەسەر ئەوەی، پشتیوانیی نێودەوڵەتی پەیدا بكەین بۆ ئەوەی، كۆتایی بە شەڕ و پێكدادان بێت و ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەكرێتەسەر خەڵكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بوەستێت. هەوڵێكی زۆرمان دا و لەگەڵ سەركردەكانی جیهان ئەم بابەتەمان زۆر بە وردی تاوتوێ كرد. قسەی جددیمان لەسەر كردووە، هیوادارم ئەنجامی هەبێت و انشااللە بەرەو كۆتایی شەڕ و سەقامگیری و ئاشتی بڕوات."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا لەبارەی ئەوەی (ئەم چەند ڕۆژە ئێوە دیدارتان لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی جیهان هەبووە و بابەتی گرنگ سووریا بوو، بە چی گەیشتوون و چۆن دەتوانن پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن، چۆن هاوكاریی رۆژئاواش دەکەن؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:
"ئەوەی ئێمە توانیمان بیكەین ئەوەیە، ئەم وێنەیەی ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع هەیە و ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ بەو سەركردە و بەو بەرپرسانە بڵێین، چی هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە هەوڵی جددی بدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەك پشتیوانیی ئەوە بكەن، ئاشتی بەرقەرار بێ و شەڕ ئیتر بەرەو كۆتایی بڕوات. بە تایبەت، کە ئێستا دوودڵییەکی زۆر هەیە، ترسێكی زۆر هەیە لەناو خەڵكی كوردستان، هیوادارین ئیتر ئەو دوودڵییە نەمێنێت و بەرەو رێككەوتنێكی وا بڕوات، لە ئەنجامدا ئاشتی بەرقەرار بێت. ئەمە ئامانجی سەرەکیی ئێمە بووە، هەرچەندە ئێمە بۆ بابەتێكی ئابووری هاتین، بەڵام ئەمە بوو بە بابەتی سەرەكی لە قسە و گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئەو بەرپرس و سەركردانەی لەگەڵیان کۆبووینەوە."

لە وەڵامی ئەم پرسیارەش، (ئەگەر ئاگربەست لە رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت، هیچ هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی؟) مەسرور بارزانی گوتی:
"ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم باراک لە هەولێر کراوە، ئەوەی من تاوەکو ئێستا زانیومە، بەنزیکەیی گەیشتوون بەو رێككەوتنەی ئاگربەست بەردەوام بێ و دەرفەتێک بدەن بەوەی، بگەن بە تێکگەیشتنێكی دوولایەنە، تاوەكوو دەرفەت بەوە بدرێت ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بێت، ئیتر هیوادارم شەڕ دووبارە نەبێتەوە."
لەبارەی ئەوەی (بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان چییە؟)، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا:
"هیچ كەسێك لەگەڵ شەڕ نییە، هەر كەسێك ئێمە قسەمان لەگەڵیان كردبێت باسی ئەوە دەكەن، دەبێت شەڕ کۆتایی بێت، ئەمەش ڕێگەی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئەوەی ئێستا گرنگە، ئاگربەست رابگەیێندرێت و چیتر ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵكی كوردستان نەمێنێت. ئیتر ئەگەر دەرفەتی زیاتری قسەكردن و گفتوگۆ هەبێت، هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت."

لە وەڵامی ئەم پرسیارەش (سێ ساڵە بەسەر یەكەوە سەرمایەداران دەهێنن بۆ داڤۆس، تاوەكو كەرتی تایبەت و حكومەت بە یەكەوە سیاسەتی ئابووری دابڕێژن، ژژئەمە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ و ئامانجی كوردستان بەرەو كوێیە؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:
"ئێمە لەو باوەڕەداین، ئەگەر بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتێكدا هەبێت، سەقامگیریی سیاسی یان ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانەكانی ئێمە، سەرمایەدارەكانی كوردستان بەشدار بن لە دارشتنی سیاسەتی ئابووری و بەشدار بن لەو چالاكییانەی، ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەیكەین. بۆیە ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە لێرە ماڵی كوردستان دەكەینەوە و ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری گەورەی كوردستان لەگەڵمان بەشدار بوون، لێرە خۆشیان دیداری تایبەتیی خۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێكی باشتر بۆ كرانەوەی كوردستان بەڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی."

لەبارەی ئەوەی (حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم وەبەرهێنانی بۆ چەند کەرتێک دابەش كردووە، ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت؟) مەسرور بارزانی گوتی:
"ئەمە لەسەر خودی بازرگان و سەرمایەدارەكان و ئەوانە دەمێنێت کە كۆمپانیایان هەیە، بەوەی خۆیان ویستیان چییە و لە چ كەرت و بوارێك دەیانەوێ كار بكەن و پەرەی پێ بدەن. ئێمە وەكو حكومەت زیاتر پاڵپشتییان دەكەین."

لەبارەی ئەم پرسیارەی (ئەو رۆڵە چییە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت بیگێڕێت بۆ رێگریكردن لە گرژیی زیاتر و شەڕ؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:
"جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە یەكەم رۆژەوە هەوڵێكی رژدی بۆ راگرتنی شەڕ داوە، لەگەڵ هەموو لایەكیش قسەی كردووە، میوانداریی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم باراکی کرد بۆ ئەوەی بێنە هەولێر و بگەن بە ئەنجامێک تاوەکو رێگریی لە شەڕەكە بكرێ، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری سووریاش قسەی كردووە، هەروەها داوای لێكردووە كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە كەسیان لەگەڵ شەڕ نین و دەیانەوێ شەڕ کۆتایی بێت، بەڵام دەبێت رێككەوتنێكیش بكرێت، لەلایەن هەردوو لاوە جێی ڕێز و قبوڵكردن بێت. جەنابی سەرۆک ئێستاش لە ئیتاڵیا هەموو سەرنجی لەسەر ئەوە بووە، پەیامەكانی بە دونیا بگەیەنێت. دەبێ ئەم شەڕە بەرەو كۆتایی بڕوات و انشااللە بەرەو كۆتاییش دەڕوات. کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی هەولێریش، دیسان هەر بۆ ئەوە بوون دەرفەتێكی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ئاگربەست بەردەوام بێت و بگەن بە ڕێككەوتنێک تاوەكو ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێكدادان."

لە وەڵامی دوایین پرسیاریش (زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەوەن كابینەی دەیەم دابمەزرێت، گەیشتنە چ ئەنجامێك لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان؟) سەرۆكی حكومەت گوتی:
"پارتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە لەگەڵ ئەوە بووە، حكوومەت پێکبهێندرێت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. پارتی لەسەر رای خۆی بەردەوامە و پێویستە رێز لە رای خەڵكی كوردستان بگیرێت."

زۆر زۆر سوپاس، دوایین شت دەمەوێ ئەوە بڵێم، دوای چەندین ساڵ، هەوڵێكی رژدماندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بپەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، دوێنێ توانییان كاروانی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان ببەن و بەردەوامیشن لە هاوكاریكردن، ئەوەی پێمان بكرێ ئەنجامی دەدەین و انشااللە ناهێڵین خوشك و براكانمان بە تەنیا بمێنن."