Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/20، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

سەرۆک عەلییێڤ ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی ئازەربایجان و کوردستان کرد و بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ سەردانکردنی باکۆ و ئامادەيیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر دەربڕی.

سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دووپات کردەوە.

دۆخی گشتیی ناوچەکە و بەتایبەتی پەرەسەندنەکانی سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لەمبارەوە سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕ و پەرەسەندنە سەربازییەکان دەربڕی.