سەرۆكی دەزگای مین بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر بەسەردەكاتەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كارو چالاكی و كێشە و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی پاكسازی مین و فەرمانبەران و كارمەندانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر ، ئەمڕۆ 18ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین بەیاوەری شاندێك سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێریان كرد.
سەرۆكی دەزگا بەش و هۆبەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێری بەسەركردەوە و هەوڵ و ماندبوونی فەرمانبەران و كارمەندانی دەزگای مینی لە سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتی مینی هەولێری بەرز نرخاند لە راپەڕاندنی كاروبارەكان و پێشخستنی بەرهەمی كاركردن كە بەردەوام وەك سەربازی ون كاردەكەن بۆ لە ناوبردنی دوژمنی شاراوە كە مین و تەقەمەنیە.
دواتر سەرۆكی دەزگا لەگەڵ بەرێوەبەرانی گشتی مینی هەولێر كۆبوەوە وگوێی لە پێشنیار و گرفت و داواكارییەكانیان گرت و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكان دا بە پێی توانا.