Skip to the content

پرۆسەی هەڵگرتنەوە و لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی لەسەرتاسەری كوردستان بەردەوامە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-لەبەردەوامی چالاكیەكانی تیمەكانی مین لابەری وتیمی هەڵگرتنەوەو لەناوبردنی مین وتەقەمەنی لەسنوری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەسەدان مین وپارچە تەقەمەنی نەتەقیویان پوچەڵ كردەوە كە مەترسی بوون بۆسەر گیانی هاوڵاتیان.


بۆ ئەم مەبەستە لە سەنتەری قەزای چۆمان زیاتر لە 247 پارچەی پاشماوەی جەنگی لەگەڵ 3 نارجۆك كەمەترسی بۆ هاوڵاتیان دروست كردبوو،لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنیەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆكرا.

هەر لە قەزای چۆمان لە گوندی دەربەند گوللە تۆپێك كەمەترسی بۆ هاوڵاتیان دروست كردبوو،لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر چارەسەری بۆكرا.


لە گوندی پیرۆمەر سەربە ناحیەی سمیلان لەقەزای چۆمان 3 مین لەجۆرەكانی( TS 50)لەگەڵ یەك مینی(V69) لەناوبردران.


لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانیشدا، تیمی تەقاندنەوە (EOD)ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، 264 پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆر و زیاتر لە 25 كیلۆگرام تەقەمەنی هەڵڕژاویان لەناوبرد.

لە قەزای پێنجوێنیش بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی توانی13 گوللەی كاتیۆشا كە مەترسی بۆ ژیانی هاوڵاتیان دروستكردبوو لەتەنیشت ماڵی هاوڵاتییەك دۆزرایەوە وتواندرا لەناو ببردرێت.


هەروەها لە قەزای سۆران لە گوندی سەری بەردی سەر بەناحیەی دیانا 14 مین لەجۆری VS50 و مینێك لەجۆریM14 كەمەترسیان بۆ هاوڵاتیان دروست كردبوو،لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆكرا.


لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش تیمەكانی مین لابەری وتیمی لەناوبردنی تەقەمەنیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەگەرمیان بۆمبێكی چێندراویان لە سنوری ناحیەی نەوجول (زینانە)پوچەڵ كردەوە.

هەر لەپارێزگای هەولێر سنوری ناحیەی سیدەكان 4 پارچەی پاشماوەی جەنگی لەلایەن بنكەی ئاسایشی سیدەكان دۆزرابوەوە دەست بەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنیەكان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆكرا.


لە سنوری پارێزگای دهۆكیش تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی پارێزگای دهۆك مینێكی 120 ملم لەهاوینەهەواری ئاشاوا چارەسەر كرد،هەروەها تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی لەدهۆك چەندین جۆری مین و تەقەمەنیان لەقەزای زاخۆ لەناوبرد.