Skip to the content

دەزگای گشتی كاروباری مین ئاماری ژمارەیەك لە چالاكییەكانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی بڵاودەكاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ٢٠٢١/٤/١٨ دەزگای گشتی كاروباری مین ئاماری ژمارەیەك لە چالاكییەكانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لەلایەن تیمەكانییانەوە بڵاوكردەوە.

دەزگای گشتی كاروباری مین لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە بەردەوامە لە نەهێشتن و لادانی مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی لەسەر گیانی هاووڵاتیان، بۆ ئەومەبەستە لە رێگەی تیمەكانییەوە لە سنووری پارێزگاكان سەرجەم ئەو مین و تەقەمەنییە نەتەقیوانەی مەترسین لەسەر رێگە و شوێنی رەز و باغی هاووڵاتیان پووچەڵ دەكاتەوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر لە گوندەكانی دەرگەڵە و ماویلیان-ی سەر بە قەزای رواندز، مینێكی مەترسیدار لە جۆری (V69) لەگەڵ گولەتۆپێك لە نزیك ڕێگای باخی هاوڵاتیان كە مەترسیان دروستكردبوو توانرا دەستبەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێر پووچەڵ بكرێـتەوە. لە گوندی ژیلیا لە ناحیەی سیدەكان سەر بە قەزای سۆران چەند گولەتۆپێك لە نزیك باخی هاووڵاتیان مەترسیان دروستكردبوو دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگای مین دەستبەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان چارەسەری پێویستی بۆ كرا. لە گوندی كانی لنج لە ناحیەی گۆڕەتووی سەر بە قەزای مێرگەسۆریش (2) مینی مەترسیدار لە جۆری(V69) لە نزیك باخی هاووڵاتیان كە مەترسیان دروستكردبوو توانرا لەناوببرێت. لە گوندی مەمیخەلان-ی سەر بە قەزای چۆمانیش (3) گولەهاوەن پووچەڵ كرانەوە، كە جێگەی مەترسی بوون لەسەر گیانی هاووڵاتیان، هەر لە ناوەندی قەزای چۆمان بڕێكی زۆر لە پارچەی پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، كە پێكهاتبوون لە (187) پارچە لەگەڵ نزیكەی (50) كیلۆ حەشوەی گولەتۆپ، دەستبەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆ كرا، هەر لە قەزای چۆمان دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگای مین لە بوونی (6) گولەهاوەن لە گوندی پاشكۆز لە ناحیەی گەڵاڵە، دەستبەجێ لەلایەن تیمی لەناوبرنی تەقەمەنییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/هەولێرچارەسەری پێویستیان بۆ كرا.

لە دەڤەری برادۆست (2) گولەی هاوەن لە ناو باخچەی هاووڵاتیەك مەترسی دروست كردبوو، بۆیە دەستبەجێ لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان پووچەڵ كرانەوە,

لە سنوری پارێزگای سلێمانی، دوابەدوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/سلێمانی بە بوونی بڕێك تەقەمەنی كە لە باخێكی نزیك ماڵی هاووڵاتیەك لە ناحیەی پیرەمەگرون مەترسی بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەكە دروست كردبوو، توانرا لەلایەن تیمی تەقاندنەوە بە چاودێری تیمی دڵنیایی جۆری چوار گولەهاوەنی ١٠٠ ملیمی لە تەقینەوەیەكدا لەناوببرێـت. لەلایەكی ترەوە هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر سێ داواكاری جیاواز لە لیژنەی پێوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی و ئاسایشی عەربەت و هاووڵاتییەك لە قەزای پێنجوێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی لەلایەن تیمی تەقاندنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چالاكییەكان بڕی ( ٤ گولە هاوەنی ٦٠ ملم و ٥ گولە هاوەنی ٨٢ ملم و ٢ گولە تۆپی ١٣٠ ملم و ٢ مینی دژەكەسی VS 50) پاش كۆكردنەوەیان لەو ناوچە جیاوازانە لە شوێنێكی سەلامەت پێكەوە تەقێندرانەوە.

لە سنووری پارێزگای دهۆكیش تیمەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/ دهۆك لە گوندی بـادێ-ی سە ر بە ناحیەی زاویتە هەستان بە لەناوبردنی (7) مینی جۆری (V69) كە لە نزیك رەز و باغی هاووڵاتیان بووبوونە مەترسی لە سەر گیانی هاونیشتیمانیان.