Skip to the content

دەزگای گشتی كاروباری مین لە ڕۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین ڕاگەیانراوێك بڵاودەكاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٤ دەزگای گشتی كاروباری مین بە بۆنەی رۆژی جیهانی هۆشیاكردنەوە لە مین و پشتگیریکردنی كاروباری مین ڕاگەیانراوێكی بڵاو كردەوە، كە تێیدا هاتووە: لە رۆژی ٨ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٥دا كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بریاڕی دا رۆژی ٤/٤ بكاتە رۆژێكی جیهانی بۆ ”هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین “ بۆ یەكەمین جار لە ٢٠٠٦/٤/٤ دا لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گیرۆدەی كێشەی مین و تەقەمەنی بوون یادی ئەو رۆژە كرایەوە، لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لە سەر ئاستی حكومەت و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكومییەكان بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەك یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە.

لەم یادەدا دەزگای گشتی کاروباری مین پیرۆزبایی لە سەرجەم پیشەگەرانی كاروباری مین لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەکات و هیوای ژیانێکی سەر بەرز و شکۆمەندانەیان بۆ دەخوازێت و ئومێد دەکات دوور بن لە هەموو ڕووداوێکی مین.

دەزگاى گشتى کاروبارى مین وەک ئەرکى خۆى سەرەڕای قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا بەردەوام بووە لە کار و چالاکیەکانی بە هاوکاری هاوبەشەکانی بۆ پاکكردنەوەى خاکى هەرێمى کوردستان و پاراستنى گیانى هاوڵاتیان لە مەترسییەکانى مین و تەقەمەنى و تا ئێستا توانیویەتی نزیکەی (%٦٥)ی خاکى پیسبووى هەرێمى کوردستان پاک بکاتەوە، کە خۆى دەبینێتەوە لە ملیۆنان مەتر دووجا زەوى، کە لە ئێستادا بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەى گەشتوگوزار وخزمەتگوزارى و پاراستنی ژینگە و ژێرخانى ئابوورى بەکار دەهێنرێت، هەروەها لە رێگەى تیمەکانى هۆشیارکردنەوەوە توانیویەتی سەدان هەزار هاوڵاتى هۆشیار بکاتەوە لە مەترسى مین کە هۆکار بووە بۆ پاراستنى گیانیان لەم مەرگە شاراوەیە.

هەروەها دەزگاکەمان بە پشتگیری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی بەردەوامدا بووە لەگەڵ سەرجەم دۆستانمان لە ناوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش بە مەبەستی هاوکاریكردنی زیاتری دەزگاکەمان، بۆیە لێرەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هاوکاری زیاترمان بن، تا بتوانین بە زوویی خاکی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاک بکەینەوە.

هەر لەم بۆنەیەدا داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە پرۆژەی پێشنیازکراوی دەزگاکەمان سەبارەت بە ماف و ئیمتیازاتی پیشەوەرانی کاروباری مین بە فەرمی پەسەند بکرێت، دەزگاکەمان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی کەسوکاری شەهیدان و کەمئەندامانی کاروباری مین و داکۆکی دەکات لە مافە ڕەواکانیان.

 

هەر سەرکەوتوو سەرفرازبن....

 

راگەیاندنی دەزگای گشتی كاروباری مین