سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین سەردانی وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/١٣ جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە یاوەری شاندێك كە پێكهاتبوو لە نیازی خالید، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كارگێڕی و دارایی و عوبێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی و عەلی میران بەڕێوەبەری یاسایی سەردانی فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد. بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازی پیشەوەرانی مین، سەرۆكی دەزگای مین و شاندی هاوڕێی لەگەڵ وەزیری داد تاوتوێی پڕۆژە یاساكە و گرنگی و پێویستبوونی کرا.
لای خۆیەوە وەزیری داد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە یاساكە و ماف و ئیمتیازی پیشەوەرانی مین و چۆنییەتی جێبەجێكردنی بە ئامانجی گەیشتنی پیشەوەرانی مین بە مافەكانیان، بەتایبەت كە لە ئەركێكی گرینگی مرۆییدان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بەهۆی ئەوەی رۆژانە مامەڵە لەگەڵ مەرگ دەكەن لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی پاكسازی مین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان.