دەزگای مین: کارى زیاتر دەکەین بۆ نەهێشتنى ئەو بۆمب و تەقەمەنییەى هاووڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە
ڕۆژی شەممە ٢٤/٤/٢٠٢١ دەزگای گشتی كاروباری مین لە ٤۷یـەمین ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی قەڵادزێدا لەلایەن حكومەتی ڕووخاوی بەعسەوە پەیامێکى بڵاو کردەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ لە بەشێکى پەیامەکەی دەزگاى مین هاتووە: "لە ساڵڕۆژی بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵمی قەدەغەكراو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندان مامۆستا و قوتابی و هاووڵاتی مەدەنی بێتاوان، لە دەزگای گشتی كاروباری مینەوە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان و قوربانیان دادەنوێنین".
دەزگای كاروباری مین بەڵێن بە خەڵكی كوردستان دەدات کە "چۆن لە ڕابردوودا دەزگای مین بەردەوام لە هەوڵی پووچەڵكردنەوەی ئەو بۆمب و تەقەمەنییە نەتەقیوانەی ڕژێمی بەعسی عێراق بووین، لە داهاتووش كاری زیاتر و بەردەوامتر دەكەین بۆ نەهێشتنی مەترسی ئەو بۆمب و تەقەمەنییانەی تر كە هێشتا لەسەر گیانی هاونیشتیمانیان جێگەی مەترسین".