دەزگای گشتی كاروباری مین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لە مین و پاڵپشتی كاروباری مین، پەیامی هۆشیاری بڵاوكردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٣ دەزگای گشتی كاروباری مین بە بۆنەی ٤/٤ ڕۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لە مین و پاڵپشتی كاروباری مین پەیامی هۆشیاری بڵاوكردەوە، كە بە ئامانجی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و ئاگاداربوون و نزیك نەكەوتنەوە لە ناوچە مەترسیدارەكان، لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی دەزگای مین لە سنووری پارێزگاكانی كوردستان هەڵواسینی فلێكسی پەیامی هۆشیاركرنەوەی هاوڵاتیان بەرێوەچوو.
شیاوی ئاماژەیە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆژی ٤ نیسانی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی هۆشیاركردنەوە لە مین دیاریكردووە. مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەكان لە ٧٨ وڵاتی جیهاندا بوونی هەیە و ساڵانە بە هۆیانەوە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان دەبنە قوربانی، لە عێراقیشدا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مین هەیە، لەو ژمارەیەش نزیكەی ٧ ملیۆن لە خاكی هەرێمی كوردستانە، كە مەترسی بەردەوامیان لەسەر گیانی هاونیشتیمانیان هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگەی دەزگای گشتی كاروباری مین كە سەرجەم كاروباری مین و تەقەمەنی لە كوردستان رادەپەرێنێت، رۆژانە لە رێگەی تیمەكانییەوە خەریكی پاككردنەوەی ناوچە پیسبووەكانن لە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەكان.