سەرۆكی دەزگای مین سەردانی پارێزگاری هەولێر دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین بە یاوەری نیازی خالید، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كارگێری و سەردانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر یان لە بینای پارێزگا كرد.
سەرەتا سەرۆكی دەزگای مین پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی ئاڕاستەی پارێزگار كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە راپەراندنی كاروبارەكان و خزمەتكردنی شاری هەولێر. لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا جەبار مستەفا تیشكی خستە سەر چۆنیەتی كاری هاوبەش و هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەت بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان. دواتر باس لە چۆنییەتی تەواوكردنی بینای سەرەكی دەزگای مین كرا لە شاری هەولێر، كە بتواندرێـت بودجەی پێویستی بۆ دابین بكرێت و كاری لەسەر بكرێت.
لە لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆك و كارمەندانی مین لە ئەنجامدانی كاری مرۆیی، كە رۆژانە مامەڵە لەگەڵ مەرگێكی شاراوە دەكەن، هیوای خواست مینلابەران و هاووڵاتیان بەدوور بن لە رووداوی نەخوازراوی مین و تەقەمەنی، دواتر ناوبرا و بەلێنی دا ئەوەی لە توانای پارێزگاری هەولێر بێت دابینی بكات بۆ تەواوكردنی باڵەخانەی دەزگای گشتی كاروباری مین لە شاری هەولێر.