ژمارەیەك كێڵگەی مین لە سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجە دوای پاككردنەوەیان رادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ٢٠٢١/٤/١١ لەدرێژەی كاروچالاكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/ سلێمانی (٤) چوار كێڵگەمین دوای پاككردنەوەیان لە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیوەكان، رادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە.
لیژنەی ڕادەستكردنەوەی زەوی پاككراوە لە مین و تەقەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین/ سلێمانی لە مەڕاسیمێكدا لە شارۆچكەی پێنجوێن (٢) دوو پارچە زەوی پاككراوەی لە مین و تەقەمەنی بە ئامادەبوونی خاوەن زەوییەكان، ڕادەستی خاوەنەكانیان كردەوە. ئەو دووپارچە زەوییە یەكیان بە ڕووبەری (٢٠.٠٠٠) مەتردووجا تێیدا (٣٥) مین و(٨) تەقەمەنی دۆزراوەتەوە، كە كەوتوونەتە گوندی ڕاوگان-ی سەر بە شارۆچكەی پێنجوێن، زەوییەكەی تر لە گوندی میراوای سەر بە شارەدێی گەرمك بووە بە ڕووبەری (٤٤.٥٠٠) دووجا و (٤) مینی تێدا دۆزراوەتەوە.
هەروەها لە شارۆچكەی دەربەندیخان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی وشارەدێی سیروان-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، دوو كێڵگەی مین دوای پاككردنەوەیان لە مین و تەقەمەنی رادەستی خاوەنەكانیان كرایەوە، كە یەكێك لە كێڵگەمینەكان لە شارۆچكەی دەربەندیخان لە لایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی چالاكییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین پاككراوەتەوە بە ڕووبەری (٢٨٣٠٠) مەتردووجا لە كێڵگە مینی كەڵی گەورە لە گوندی چەمەڕەشی سەر بەو شارۆچكەیە، كە (٢٣٧) مین و (٣٧) تەقەمەنی تێدا دۆزراوەتەوە، هاوكات كێڵگەمینەكەی تر لە شارەدێی سیروانە و بە ڕووبەری (٣٤٠) مەتردووجا و تێیدا (١٤٦) مین وتەقەمەنی تێدا دۆزراوەتەوە و پووچەڵ كراونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا ئەو زەوییانە دەتواندرێت بۆ كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ و پرۆژەی وەبەرهێنان سوودی لێ وەربگیرێت و هیچ مەترسییەكی مین و تەقەمەنی لەسەر نەماوە.