خولێکی فەرمانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی فەرمانبەرانی دەزگای مین کۆتایی هات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە ٩-١٢-٢٠٢١ جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە هاوڕێیەتی سەلام محمد، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی، بەشداریان لە رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لە شاری هەولێر کرد.
خولەکە لە لایەن فەرمانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین سازکرابوو بۆ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی دەزگای مین لەسەرجەم پارێزگاکان و یەکە کارگێڕییە سەربەخۆکان بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بوو، خولەکە لەلایەن ڕاهێنەرانی نێودەوڵةتیەوە دەگوترایەوە لە کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا بڕوانامەی بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرا.
لە وتەیەکیشدا جەبار مستەفا، دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی فەرمانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین کرد بۆ کردنەوەی ئەو جۆرە خولانە و بەرزکردنەوی ئاستی توانای کارمەندان و فەرمانبەرانی دەزگای گشتی کاروباری مین ، هەروەها ناوبراو هیوای خواست فەرمانبەران ئەوەی لە خولەکە بەدەستیان هێناوە لە بواری پڕاکتیکی لە کاری رۆژانەیان بەکاری بهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان.