دەزگای گشتی كاروباری مین ئاماری كاروچالاكیەكانی 2020ی راگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمرۆ 18ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 دەزگای گشتی كاروباری مین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری كاروچالاكیەكانی 2020ی رادەگەیەنێـت.
بەراود بە ساڵی پێش خۆی دەزگای گشتی كاروباری مین كاروبەرهەمی بەهۆی پەتای فایرۆسی كۆڕۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و قەیرانی دارایی لە رووبەری پاككراو و ژمارەی مین و تەقەمەنی لەناوبراو ڕووی لە كەمی كردووە، هەروەها ژمارەی شەهید زیادی كردووە ژمارەی كەم ئەندام بوون بە مین و تەقەمەنی لە چاو ساڵی پێش خۆی رووی لە كەم بوونەوە كردووە.
بەڕێز جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەو ساڵەدا توانراوە (360،696) سێ سەدوشێست هەزار و شەش سەد و نەودو شەش مەتر دوجا، لە مین و تەقەمەنی پاكبكرێتەوە، كە (4)كێڵگە مین و ڕووبەری (679،386)شەڕگە دەگرێتەوە، دوای پاككردنەوەشی رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە، لە ئێستادا دەتوانرێت بۆ كاری ئاژەڵداری و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان بەكار بهێندرێت.
ناوبراو ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی كە لەرێگەی تیمەكانی مینلابەری دەزگای مین و رێكخراوەكانەوە لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە لە كێڵگە مینەكان، (8،489)هەشت هەزارو چوارسەد و هەشتاو نۆ مین و تەقەمەنی مەزەندە كرد، كە مینی دژەكەسی و دژە تانك و تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لەخۆ گرتووە، كە هەر مین و تەقەمەنیەك مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیانلەبەران"
بلەهەمانکاتدا دڵگرانی خۆی بە ژمارەی شەهید و بریندارەكان دەربڕی كە لە ساڵی2020 بەهۆی مین وتەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی و رایگەیاند "لەوساڵەدا (18)بەركەوتوو بە رووداوەكانی مین و تەقەمەنی تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە بەداخەوە (10)دە كەس گیانیان لەدەستداوە و (8)ی تریش بریندار و كەم ئەندام بوون، كە بەشێكی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەكانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە كە سەرجەم كێڵگە مینەكان هێما و نیشانەی ئاگاداركردنەوەیان بۆ كراوە، بەڵام هاوڵاتی هەیە پێیەوە پابەند نابێت و ناچار ڕوداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
ڕاشیگەیاند"لەوساڵەدا بەهۆی كەرەنتینەو فایرۆسی كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی بەرهەمی دەزگا لە پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مین و تەقەمەنی زۆر كەمی كردووە و پلانی ئەوساڵەمان داناوە كاروبەرهەم زۆر زیاد بكەین و كە جێگەی ڕەزامەندی هاوڵاتیان و ئێمەش بێت.
وە رایگەیاند لە 2020 توانراوە چەند لیژنەیەك دابندرێت كە وردبینی تەواو بۆ موچەو دەرماڵەی فەرمانبەران كراوە كە ئامانجی چاكسازی كردن كە كابینەی نۆیەم رایگەیاندووە، هەروەها لیژنەیەكی گرنگیش بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل دانراوە كە ساڵانە بە دەیان ملیۆن بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێـتەوە وەك لەوەی ساڵانە ئێمە ئۆتۆمبێل بۆ كاروباری مین بە كرێ بگرین.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە بەرێز عوبێد ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی رایگەیاند" لەوساڵە دا توانراوە لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی هۆشیاركردنەوە، نزیكەی لە (23)بیست و سێ هەزار كەس سودمەندبن لە بەرنامەی هۆشیاركردنەوە، كە دەزگای مین بە بەردەوامی لە گوند و ئاواییەكان رێنمایی بۆ خەڵك بڵاودەكاتەوە كە نزیكی ناوچە مەترسیەدارەكان نەكەون بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی" ناوبراو ئەوەشی خستە روو كە ژمارەی چاودێرانی دڵنیایی جۆری بۆ كێڵگە مینەكان بریتی بووە لە 361سەردانی كردن بەمەبەستی پابەندبوونی مینلابەران و پاراستنی گیانیان لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی و روداوی نەخوازراو.
جێگەی ئاماژەیە رووبەری پیس بوو بە مین و تەقەمەنی لە كوردستان زیاد لە 776,000 مەتر دووجا بووە، دەزگای گشتی كاروباری مین بەهاوكاری رێكخراوە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیەكان توانیوویەتی رووبەرێكی فراوان پاك بكاتەوەو تەنها 257,000,000 مەتر دووجا ماوە پاكبكرێتەوە تیمەكانی مینلابەری رۆژانە بەبەردەوامی كاری پاكسازی لە كێڵگە مینەكان دەكەن بۆ پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مەترسیەكانی مین و تەقەمەنی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.