دەزگای مین و ڕێكخراوی (ITF)ـی سلۆڤینی یادداشتی لێكتێگەیشتنیان واژوو کرد
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشهممه ڕێکەوتى ١٠/٦/٢٠٢١ى زایینى و بە ئامادەبوونی جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین و تۆماس لۆڤرینجچ باڵیوز لە وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا و بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی (ITF)، یادداشتێكی لێكتێكەیشتن لە نێوان هەردوولا واژوو كرا.
سەرۆكی دەزگای مین لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، ئەوان خۆشحاڵن بە واژووكردنی یادداشتێكی لهم شێوهیه كە هاوكار دهبێت و كارئاسانی بۆ دەزگای گشتی كاروباری مین لە ڕاپەڕاندنی كاروبارە لۆجستی و تەكنیكییەکانی.سەرۆكی ڕێكخراوی (ITF)یش ئاماژەی بهوه كرد، ڕێكخراوەكەیان خێرخوازی و قازانجنەویسته و ئامانجییهتی كێشەی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەكان لە ناوبهرێت تا مرۆڤایەتی دوور بێت لە مەترسییەكانی مین، ههروهها گوتیشی: كاری ئێمە ئەوەیە هاوكاری و پاڵشتی دارایی و لۆجستی بۆ ئەو وڵاتانە بدۆزینەوە كە گیرۆدەی مین و تەقەمەنین، لەمەودوا كوردستان دەبێتە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانمان.
جێگەی ئاماژەیە ڕێكخراوی (ITF) سەر بە حكومەتی سلۆڤینیایە و لە ساڵی ١٩٩٨ى زایینى دامەزراوە و ئێستا لە ٣٢ وڵاتی دونیا لە بواری مین و ئاسایشی مرۆڤ كار دەكات، زیاتر لە ٣١٠٠ پرۆژەی لە سەرانسەری جیهان ئەنجام داوە، لهم چوارچێوهیهدا دەیەوێت لە هەرێمی كوردستانیش هاوكاری دەزگای گشتیی كاروباری مین بكات و پڕۆژەی گرینگ ئەنجام بدات بە ئامانجی كەمكردنەوەی ڕووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی.