سەرۆكی دەزگای مین پێشوازی لە وەفدێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی (UNMAS) دەكات
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ٢٠٢١/٦/٨ سێشەممە جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین بە ئامادەبوونی عوبێد ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی پێشوازیان لە پێر لۆد هامەر بەرێوەبەری پێشكەوتووی فەرمانگەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین لە عێراق كرد.
سەرەتا پێر لۆد هامەر دەستخۆشی لە كارو چالاكیەكانی دەزگا كرد لە پاككردنەوەی خاكی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی دواتر پێشنیازی كرد كە سەردانی هاوبەش بكرێت بۆ كێڵگە مینەكان بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە پێداویستی تیمەكانی پاكسازی .
دواتر جەبار مستەفا سوپاسی فەرمانگەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین كرد و كارەكانی بەرزنرخاند كە لە رابردووشدا هاوكاری دەزگا بوون و داواشی كرد هاوكاری و هەماهەنگی نێوانیان زیاتر بێت بۆ پاڵشتی كردنی زیاتری دەزگای مین لە راپەڕاندنی كاروبارەكان بەتایبەت لە دابینكردنی فەند بۆ پاككردنەوەی خاكی كوردستان لە مین و تەقەمەنی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان كەبەردەوام قوربانی لێدەكەوێتەوە.