دەزگای گشتی كاروباری مین پلانی هاوبەش لەگەڵ فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین دادەنێـت
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 21 ی حوزەیرانی 2021 عوبێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەكنیكی لەگەڵ شەرمیلە بەرپرسی پڕۆژەكان لە فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین و وەفدی هاوڕێی كۆبووەوە،سەرهتا عوبێد ئەحمەد تیشكی خستە سەر پێداویستییەكانی دەزگای مین كە بەهۆی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای كۆڕۆنا كێشەی گەورەی بۆ تیمەكانی مینلابەری دروستكردووە بۆیە داوای لە (UNMAS) كرد هاوكاری و پاڵشتی دەزگا بكەن لە جێ بەجێكردنی پێداویستییەكان بەتایبەت پێداویستییە لە پێشینەكان، بۆ ڕاپەڕاندنی كاروباری لۆجستی و پاكسازی مین لە كوردستان.
لای خۆشیانەوە فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پاڵپشتیكردنی دەزگای مین لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەكانی (UNMAS) هەروەها ڕایانگەیاند كار دەكەن بۆ دۆزینەوە و پەیداكردنی باروبوو(فەند) بۆ پڕۆژەكانی دەزگای گشتی كاروباری مین بۆ ئەو مەبەستە لە داهاتوو تیمە تەكنیكییەكانی هەردوولا كۆدەبنەوە بۆ داڕشتنی پلانی هاوبەش بۆ دووساڵی داهاتوو.