دەزگای مین و فەرمانگەی مینى نەتەوە یەكگرتووەكان پلانى هاوبەش دادەنێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشهممه ٢٥/٥/٢٠٢١، جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لەگەڵ شەرمیلە ئەمیناس بەرپرسی پڕۆژەكان لە فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مین كۆ بووهوه.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین، هاوكاری و پاڵشتییەكانی فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مینی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبێت بە مەبەستی بەرزكردنەوەی تواناو شارەزایی كارمەندانی دەزگای مین.
لە تەوەرێكی دیكهی كۆبوونەوەكە بڕیار درا پلانێكی هاوبەش لە نێوان هەردوولا بۆ دوو ساڵی داهاتوو دابندرێت، بە مەبەستی پەیداكردنی فەند بۆ دەزگای گشتی كاروباری مین بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی زیاتری دەزگاكه، بۆ ئەم مەبەستەیش بڕیارد لە مانگی داهاتوو لایەنی تەكینكی هەردوولا بە مەبەستی دانانی پلانەكە، كۆ ببنەوە.