شاندێکی باڵای دەزگای مین لە وڵاتی سلۆڤینیا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان ئەنجام دا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژانی١٥\ ١٦\١٧\ تشرینی دووەمی ۲۰۲۱ وەفدێکی باڵای دەزگای گشتیی کاروباری مین بە سەرۆکایەتی جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە وڵاتی سلۆڤینیا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بواری کاروباری مین لەو وڵاتە کۆبوونەوە.
لە سەردانەکەیاندا وەفدی باڵای دەزگا لەگەڵ تۆماس لێڤرێنچ سەرۆکی ڕێكخراوی ئای تی ئێف و بەڕێوەبەری بەرنامەی عێراق و سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سلۆڤینیا کۆبوویەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ڕێکخراوی ناوبراو و دەزگای گشتیی کاروباری مین کە لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوولا واژوو کرا، کە سەرەکیترین بابەتهێنانی (فەندی) باروبووی نێودەوڵەتیە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ڕێکخراوی ئای تی ئێف بەڵێنی داوە چەند پڕۆژەیەک لە بواری کاروباری مین بۆ ساڵی ۲۰۲۲ لە هەرێمی کوردستان جێ بەجێ بکات کە دەبێتە هۆی خێراترکردنی بەرنامەی مین لە کوردستان و پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان.
لە درێژەی کارەکانیاندا شاندی باڵای دەزگای گشتیی کاروباری مین لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی دا بۆ وڵاتی سلۆڤینیا لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیاوە پێشوازیان لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ (ناتالیا مەنسور) سەرۆکی بەشی کاروباری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باڵیۆز (ڕوبورن کوکای) سەرۆکی بەشی پەرەپێدان و هاوکاری یارمەتی مرۆڤایەتی و(مابان لودگا) بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا کرد.
له کۆبوونەوهکەدا ناساندنی دەزگای مین و کێشەی مین و تەقەمەنی و کاروچالاکی دەزگای مین باس كرا، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (ITF)ی سلۆڤینی و ئەنجامدانی پڕۆژەی کاروباری مین و (فەند)کردنی پڕۆسەی کاروباری مین لە ئاییندەدا خرایە بەرباس و تاوتوێکردن.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا پاڵپشتی خۆیان بۆ هاوکاری ڕێکخراوی ئای تی ئێفی سلۆڤینیا دەربڕی کە هاوکاریی دەزگای مین بکات بۆ دەستەبەرکردنی فەندی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەپێی لە پێشینەیی پلانی دەزگای گشتیی کاروباری مین.
لە سێیەم ڕۆژی سەردانەکەیاندا وەفدی باڵای دەزگای وڵاتی سلۆڤینیا پێشوازیان لە جێرنەی مولەر بەڕێوەبەری گشتیی سیاسەتی هاوبەش و ئاسایش لە وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا و باڵیۆز تۆماس سەرۆکی ڕێکخراوی ITFی سلۆڤینی کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە (فەند)ی پڕۆژەکانی تایبەت بە کاروباری مین و ڕێکخراوی ئای تی ئێف کرا، ڕێکخراوی ناوبراو ئامادەیی خۆی دەربڕی کە هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و پاڵپشتیکردنی بەرنامەی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان.
جێگەی ئاماژەیه وەفدی دەزگای مین ئامانجیان دەستەبەرکردن و کۆمەککردنی وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی کوردستانه لە بواری بەرنامەی مین و هۆشیارکردنەوە لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی.
جێگەی ئاماژەیه وەفدی دەزگای مین ئامانجیان دەستەبەرکردن و کۆمەککردنی وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی کوردستانه لە بواری بەرنامەی مین و هۆشیارکردنەوە لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی.