دەزگای مین دەبێتە خاوەنی داتابەیسێکی هاوچەرخ بە زمانی کوردی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٢ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ نیازی خالید سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە (وەکالەت) و بە ئامادەبوونی سەلام محهمهد بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و گشت بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای مین لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ئامادەی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی (iMMAP)بوون، هەروەها ڕێکخراوی (GICHD) بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری کۆبوونەوەکەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخراوی (iMMAP) لە ڕێگەی پرێزنتەیشنێکەوە بە وردی باسی چۆنیەتی بەکارخستنی ئەو داتابەیسه نوێیەی كرد کە پێی دەڵێن(open-sorce) هەروەها لایەنە بەهێزەکانی ئەو داتا بەیسەیان خستەڕوو بە بەراورد لەگەڵ فێرژنە کۆنەکانی(IMSMA).
ئەو سیستەمە دەکرێت بە شێوەی ئۆنلاین و ئۆفلاین بەکاربهێندرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی دەزگا و ڕێکخراوەکانی بواری مین لە هەرێمی کوردستان، بەمەش دەزگای مین دەبێتە خاوەن داتابەیسێکی سەربەخۆ کە بەزمانی کوردی بەکار دەهێندرێت کە گونجاوترە بۆ بارودۆخی دەزگای مین.
لە کۆتاییدا نیازی خالید سەرۆکی دەزگای مین بە (وەکالەت) سوپاسی بە عیسام غەریب بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی(iMMAP)ی لە عێراق و ستافی ڕێکخراوی (GICHD) کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکاریی بەردەوامیان بۆ دەزگای مین لە زۆربەی بوارەکاندا.
جێگەی ئاماژەیە ئەو داتابەیسە نوێیە بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی هەردوو ڕێکخراوی (iMMAP) و (GICHD)سەنتەری نێودەوڵەتی جنێف بۆ مینلابەری مرۆیی دروست کراوە .