سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین پێشوازی لە كونسوڵی ئەرمینیا لە کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشهممه ڕێکەوتی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محهمهد بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و عوبێد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی پێشوازییان لە (ئارشاک مانۆکیان)كونسوڵی گشتیی ئەرمینیا لە کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا تاوتوێی بەرنامەی کاروباری مین لە کوردستان و ئەرمینا کرا کە ئەو دوو وڵاتە گیرۆدەی مین و تەقەمەنین و قوربانییان لەو بارەوە زۆرە، بۆیە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانیان بەرنامەی کاروباری مین لە نێوان دەزگای مین و ئاژانسی مینی ئەرمینیا زیاتر بەرەوپێش دەبات بەتایبەت بۆ دۆزینەوەی فەند و پشتگیریی نێودەوڵەتی، بۆیە بڕیاری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش درا لە نێوان هەردوولا بۆ چۆنیەتی دانانی میکانیزمی کارکردن لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای مین پێشوازیی لە پێشنیاز و داواکارییەکانی كونسوڵی ئەرمینیا کرد بەهۆی ئەوەی پێشنیازهکان پەیوەستە بەلایەنی مرۆیی و پێشخستنی کاروباری مین لە نێوان هەردوولادا.