Skip to the content

بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدانی کاروباری مین دەزگای گشتی کاروباری مین ئەو رۆژەی بەرز ڕاگرت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدانی کاروباری مین سەرۆکایەتی دەزگای مین بە ئامادەبوونی  جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و نیازی خالید  جێگری سەرۆکی دەزگاکە و گشت کارمەندان و فەرمانبەران  بە چەند ساتێک وەستان لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی دەزگای مین  ئەو رۆژەیان  بەرز ڕاگرت، پاشان  سەرۆکی دەزگای مین  بەیاننامەیەکی بەو بۆنەیەوە خوێندنەوە  
دەقی بەیاننامەکە

بەیاننامەی دەزگای گشتی كاروباری مین لە ساڵرۆژی شەهیدانی كاروباری مین
لەئاكامی ئەو سیاسەتە كاولكارییەی كە ڕژێمەكانی پێشوو دژ بە گەل و خاكی كوردستان ئەنجامیانداوە بە تایبەت شەڕی هەشت ساڵەی (عێراق و ئێران). سەرەڕای زیانەكانی تری ئەو سیاسەتە دژ بە مرۆڤایەتییە زیاتر لە (٣٠٠٠) كێلگەی مینڕێژكراو وە سەدان هەزار پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگ لە كوردستان بەجێماون. 

سەربارى ئەمە بەهۆی شەڕى تیرۆرستانى داعش لە ناوچەكە و پەلاماردانی بەشێكی فراوانی خاكی كوردستان بووە هۆی ئەوەی كە پانتاییەكی یەكجار زۆر لە  شارۆچكە و گوند و شوێنی نیشتەجێبوون بە جۆرەها بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی هەمەجۆر پیس ببێت. خەڵك و خاوەنەكانی ئەم شوێنانە لە سامان و دەرامەتەكانیان بێبەش بوون، وە بەسەدان هەزار ئاوارە نەتوانن بگەرێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان هەروەها قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرك و كاری دەزگاكەمانی هێندەی تر قورستركردووە.

هەر بۆیە لەمیانەی پرۆسەی لابردن و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەكانی شەڕی داعش و شەڕەکانى دیکە، ٣٦ فەرمانبەرى دەزگای مین و کارمەندى رێكخراو و كۆمپانیاكان شەهید و ٧٨ یش کەمئەندام بوونە.

لەپێناو رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانى كاروبارى مین، دەزگای مین بە پێویستى زانی رۆژی ٢٨/١٠ دیاری بكات بە رۆژی شەهیدانی كاروباری مین لە هەرێمى كوردستان. لەم رۆژەدا پۆلێك لە كارمەندانی دەزگای مین كە ‌شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە پاككردنەوەی پاشماوەكانی شەڕی داعش لەدەڤەری زوممار كاریان دەكرد وە بەمەبەستى جێبەجێكردنى ئەركى ترسناك و مەترسیدار گیانیان كردە قوربانی. لە سۆنگەى هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى، دەزگاى مین ئەو پەڕی رێز و وەفا بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی كاروباری مین و شەهیدانى هەرێمى كوردستان و خانەوا‌دە بەڕێزەكانیان دەنوێنێت. 

بێگومان قەیرانی دارایی و شەری نەگریسی داعش بارگرانییەكی گەورەبوون بۆ سەر چالاكیەكانی دەزگای مین، بەڵام فەرمانبەر و مینلابەرەکانى دەزگای مین سەربارى ئەو هەموو قەیرانانەى كە هەن تا ئێستا زۆر دڵسۆزانە و بەوپەڕی لێپرسراویەتییەوە كارەكانیان بەرێوەدەبەن. تا ئێستا توانیویانە رووبەرى زیاتر لە ٥٠٠ کم٢  لە خاكی هەرێمی كوردستان لە مین و تەقەمەنی پاكبكەنەوە و رادەستى خاوەنەكانیان بکەن. زۆربەى ئەو شوێنانەى پاككراونەتەوە بە شادەمارى ئابوورى هەرێمى كوردستان دادەنرێن کە  ئێستا حكومەت و هاووڵاتى سوودى لێوەرگرن بۆ (دروستكردنى ژێرخانى ئابوورى رێگاوبان و كشتوكاڵكردن و هەروەها لە بوارى ئاوەدانكردنەوە وە بوارە جیاكانى تر).

جێگاى باسە دەزگاى مین لە هەوڵی بەردەوامدا دایە لەگەڵ سەرجەم هاوبەش و هاوکارەکانى کاروبارى مین لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی كۆمەكبەخش بەمەبەستی بەدەستهێنانى هاوكاری زیاتری دەزگاكەمان، لەم ڕووەشەوە خۆشبەختانە هەوڵەكان ئاكامی بەرچاوی هەبوە وە توانراوە قەبارەی هاوكارییەكان زیاتربكرێت.

هەربەم بۆنەیەوە داوادەكەین خواست و داواكارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامانی كاروباری مین جێبەجێ بكرێت و ماف و ئیمتیازاتی پیشەگەرانی مین دابینبکرێت بە  شێوەیەک کە لە ئاستى خواستە ڕەواكانی ئەو توێژە خۆبەخشەی گەلەكەمان دابێت.

 

لەكۆتاییدا:

•       دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سەربەرزی وخۆڕاگری بۆ كەسوكاریان.

•       هیوای ژیانێكی بەختەوەر بۆ كەم ئەندامان.

•       سڵاو بۆ سەرجەم پیشەگەرانی مین.