فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین ژمارەیەک کەل و پەل بە دەزگای مین دەبەخشێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندـ هەماهەنگی و کارئاسانی تەواو دەکەین لەگەڵ وڵاتانی کۆمەک بەخش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کاروباری مین بۆ دابینکردنی پاڵپشتی زیاتر بۆ دەزگای مین بە مەبەستی خێراترکردنی پڕۆسەی پاکسازی مین لە کوردستان و بەگەڕخستنەوەی تیمەکانی مینلابەری کە بەهۆی قەیرانی دارایی کارەکانیان ڕووی لە سستبوون کردبووـ
جێگەی ئاماژە پێدانە دوای داڕشتنی پلانی هاوبەش لە نێوان دەزگای گشتی کاروباری مین و فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین، فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین ناسراو بە (UNMAS) هەڵسا بە دابینکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەل و پەلی لۆجستی (دوو ئۆتۆمبێل ولاپتۆپ و تابلێت مێز و کورسی و دۆڵاب وبەفرگر و پێداویستی ڕاگەیاندن.....هتد) و جل و بەرگی دیماینەری و درع و کەل و پەلی خۆپارێزی و پۆستاڵ کە هاوکارییەکی گونجاوە بۆ تێچووی ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی دەزگای گشتی کاروباری مین.