تاكو ئێستا زیاتر لە ١٣٥٠٠ هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بههۆی مینهوه بوونەتە قوربانی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دهزگای گشتیی كاروباری مین، بە بۆنەى ڕۆژى جیهانیى هۆشیارکردنەوە لەمین بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه كه تیایدا هاتووه:
لە ڕۆژی ٨ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٥ دا، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بریاڕیدا ڕۆژی ٤/٤ بكاتە ڕۆژێكی جیهانی بۆ "هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین".
بۆ یەكەمین جار لە ٤/٤/٢٠٠٦ دا، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گیرۆدەی كێشەی مین و تەقەمەنی بوون، یادی ئەو ڕۆژە كرایەوە. لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا لە ئاستە جیاجیاکانی حكومەت و ڕێكخراوەکانی نەتەوە یەكگرتووەكان UN)) و ڕێكخراوە ناحكومی(NGO) یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کاروباری مین بە ئەنجامدانی ژمارەیەک چاڵاکی جۆراوجۆر یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە. ئەم ڕۆژە بە "ڕۆژی کاروباری مین Mine Action Day " یش دەناسرێت.
لەم یادەدا دەزگاى گشتى کاروبارى مین پیرۆزبایى لە سەرجەم پیشەگەرانى کاروبارى مین لە سەرتاسەرى جیهان بە گشتى و لە هەرێمى کوردستان بە تایبەتى دەکات و هیواى سەرکەوتن و سەلامەتییان بۆ دەخوازێت.
ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە کاروباری مین بۆ بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە لەمساڵدا ٢٠٢٢ وەک ئامانجی کارکردن دروشمی "زەوی سەلامەت، رێگای سەلامەت، ماڵی سەلامەت" یان داناوە. لەو ڕووانگەوە دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان بەو توانایە مرۆیی و تەکنیکیەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و "کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی" دەکاتەوە.
لەم یادەدا دەزگای مین بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی و هەموو وڵاتانی کۆمەكبەخش و نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکان ئاگاداردەکاتەوە کە لە ئاکامی ئەو شەڕو ناکۆکییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە لە ئێستادا ڕووبەری 255 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە پاك بکرێتەوە ئەمەش پێویستی بە کۆمەکییەکی دارایی زۆر هەیە کە لە ئێستادا بە تەنها بە حکومەتی هەرێم دابین ناکرێت.
دەزگاى گشتیى کاروبارى مین وەک ئەرکى خۆى سەڕەڕاى قەیرانى دارایى بەردەوامبووە لە کارو چاڵاکییەکانى بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى مین و تەقەمەنى بە ڕادەستکردنەوەى کێڵگەکان بە خاوەنەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەى خزمەتگوزارى بووژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى، هەروەها لە رێگەى تیمەکانى هۆشیارکردنەوەوە توانیویەتى بە شێوازی سەردانی ڕاستەخۆ و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و مینبەرەکانی سۆشیاڵ میدیا، سەدان هەزار هاووڵاتى لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنى هۆشیاربکاتەوە.
بە پێی ئەو داتایەی لەبەردەستدایە تاكو ئێستا زیاتر لە ١٣٥٠٠ هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ڕووانگەوە دەزگای مین جەخت لەسەر گرنگی هۆشیارکردنەوە و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە پەیام و ڕێنماییەکانی هۆشیارکردنەوە دەکاتەوە و ئاگاداری هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی (بە هیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک نزیکی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەکان نەکەون و هەوڵی دەستکاریکردنیان نەدەن و لە کاتی پێویستدا لە ڕێگای ژمارە ١٨٢ پەیوەندی بە دەزگای مین بکەن).
هەر لەم بۆنەیەشدا، بە پێویستی دەزانین سوپاسى حکومەتى هەرێم بکەین کە بەردەوام پێشتگیرى کردووین بۆ ئەوەى بەردەوامى بەو بەرنامەیە بدەین و ئومێدەوارین زیاتر پاڵپشتى بەرنامەی کاروباری مین بکات تاکو وەک دەزگای مین بتوانین بە باشترین شێواز لەو ئەرکە پیرۆزە بەردەوام بین.
سەرباری ئەم ئەرکە سەرۆکایەتی دەزگای مین جەخت لەسەر بەردەوام کارکردن دەکات بەئامانجی باشترکردنی بارودۆخى فەرمانبەرو کارمەندانی کاروبارى مین و تێدەکۆشێت بۆ دابینکردنى ماف و شایستەکانیان کە لە ئاستی مەترسی پیشەکە و قوربانیدانیان دابێت.