سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لهگهڵ كونسوڵی گشتی کۆماری چیک كۆبۆوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٣/نیسانی٢٠٢٢ زاینی بەڕێز جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی بەڕێزان نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محمد بەڕێوەبەری گشتی دیوان و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاورباری هونەری پێشوازیان لە کاڕێل کۆرتانێک كونسوڵی گشتی کۆماری چیک لە هەولێر کرد.
سەرۆکی دەزگا پوختەیەکی لەسەر کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان و ئەو گیروگرفتانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە کاتی ڕاپەڕاندنی پڕۆسەی بەرنامەی کاروباری مین بۆ كونسوڵی کۆماری چیک باس کرد،هەروەها باسی لەو پێداویستییە هەنووکەییانەی پێویستیانە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان و بەگەڕخستنەوەی تیمەکان بە شێوهیەکی کاریگەرتر بۆ ناوبراو خستەڕوو بە تایبەت لە ئێستادا کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێک لە تیمەکانی مینلابەری ناتوانن کارەکانی خۆیان بەشێوەی تەواوەتی ئەنجام بدەن.
پاشان سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین سوپاسی وڵاتانی کۆمەک بەخشی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی دەزگای مین دەبن. بە تایبەت وڵاتی کۆماری چیک پاڵپشتیەکانیان بەرز دەنرخێنین.
لە کۆبوونەوەیەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی باربوو(فەند)کردن بۆ پڕۆژەکانی کاروباری مین لە داهاتوودا.
لای خۆیەوە کاڕێل کۆرتانێک سوپاسی دەزگای مینی کرد کە کار لە بوارێکی گرنگی مرۆیی دەکەن کە پەیوەستە بە سەلامەتی هاووڵاتیانەوە، ناوبراو بەڵێنی ئەوەشیدا کە لە هەوڵی جددی دابێت بۆ پاڵپشتیکردنی دەزگای گشتی کاروباری مین.