Skip to the content

لە قەزای چۆمان سەدان پارچە تەقەمەنیی جەنگی و مین لەناوبران

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی ئابی ٢٠٢٢،  بەئامادەبوونی جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین و هەریەک لە سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزای چۆمان و عەلی میران بەرێوەبەری گشتیی کاروباری هونەری و عەلی عەبدولرەحمان بەرێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە چالاکییەکدا لە چیای بەردەبووک لە سنووری قەزای چۆمان، بە سەدان مین و پارچە تەقەمەنی جەنگی بەسەرکەوتوویی لەناوبران.

لە وتەیەکیشیدا سەرۆکی دەزگای گشتیی مین، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە کرد و  ڕایگەیاند"لە چالاکیی ئەمڕۆدا زیاتر لە ٣٥٠ پارچە تەقەمەنیی جەنگیی جۆراوجۆر، لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنیی نەتەقیوی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی هەولێر بەسەرکەوتوویی لەناوبران؛ کە هەر یەکێکیان لەسەر گیانی هاونیشتیمانیان مەترسی بوون".

جێی باسە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕووبەرێکی بەرفراوان بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسکراوە، بۆیە لە ئەنجامی کاری ڕۆژانەی تیمەکان، بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانە، بەشێک لەو پاشماوە جەنگییانە دوای کۆکردنەوەیان لە شوێنی تایبەت لەناودەبرێن.