لە سنوری پارێزگای هەولێر ٧ کێڵگەی پاککراوە لە مین ڕادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە
هەولێر-هەرێمی کوردستان-عێڕاق- ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی کانونی یەکەمی٢٠٢٢ی زایینی لە مەڕاسیمێکدا لە گوندی سوسێی سەر بە قەزای کۆیە، ٧ کێڵگەمین دوای پاککردنەوەیان لە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی بە پاڵپشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی(ITF)ی سلۆڤینی رادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە.
کێڵگە مینەکان کەوتبونە سنوری قەزای کۆیە، چۆمان و مێرگەسۆر لە سنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لە وتەیەکدا جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ڕایگەیاند:''سوپاسی گەل و وڵاتی سلۆڤینا دەکەین کە هاوکار و دەستبارمان بوون لە پاککردنەوەی ڕووبەرێکی فراوانتر لە خاکی پیسبوو بە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی کە خۆی لە سەرووی ١٠٠هەزار مەتر دوجا دەدات کە دەکاتە ٤٠دۆنم زەوی پاککراو لەو ڕووبەرە زیاتر لە ٦٠٠مین وتەقەمەنی تێدا دۆزراوەتەوە و لەناوبراون.''
ئەو کێڵگە مینانە بە پاڵپشتی و هاوکاری خەرجی وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا لەسەر ئەرکی رێکخراوی نێودەوڵەتی(ITF)ی سلۆڤینی لە لایەن تیمەکانی مینلابەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر پاککراونەتەوە رادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە.
لە مەراسیمەدا هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەلی میران، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری و عەلی عبدالرحمن، بەرێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر و سابینا بیبر، جێگری ڕێکخراوی (ITF) ئامادە بوون.