سەرۆکی دەزگای مین لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵةتی(MAG) ماگ کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢شوباتی٢٠٢٢ جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری دەزگای مین لەگەڵ جاک مۆرگان بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ماگ(MAG) لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی ڕێکخراوی ناوبراو کرا بۆ ساڵانی ئایندە و چۆنیەتی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان بۆ پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەکان و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان.
لە تەوەرەیەکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی دامەزراندنەوەی چوار تیمی کاروباری مین (دووتیمی مینلابەری – دووتیمی هۆشیارکردنەوە )لە پارێزگای دهۆک کرا بۆ خێراترکردنی پرۆسەی پاکسازی مین لەو پارێزگایە ، ڕێکخراوی ناوبراویش دووپاتی کردەوە پرۆسەی چوار تیمەکە دەستی پێکردووە و لە بواری جێبەجێکردن دایە، هەروەها باس لە دۆنەر کۆنفڕانس کرا کە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ لە شاری بەغداد ساز بکرێت.
لای خۆیەوە جەبار مستەفا پێشوازی لە پلانەکەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ماگ کرد، بە تایبەت پلانی ئایندەیان کە باس لە دامەزراندنەوەی چوار تیمی کاروباری مین لە سنووری پارێزگای دهۆک لە خۆ دەگرێت.