دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢١ـی راگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ ، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید، جێگری سەرۆکی دەزگا و عوبێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢١ـی ڕاگەیاند.
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند بەراورد بە ساڵی 2020 ڕووبەری پاککراوە لە مین لە ساڵی 2021 زیادی کردووە و ژمارەی مین و تەقەمەنیش زیاتر لە ناوبراون، بەڵام ژمارەی شەهید و کەمئەندامبوون بە مین زیادی کردووە.
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند بەراورد بە ساڵی 2020 ڕووبەری پاککراوە لە مین لە ساڵی 2021 زیادی کردووە و ژمارەی مین و تەقەمەنیش زیاتر لە ناوبراون، بەڵام ژمارەی شەهید و کەمئەندامبوون بە مین زیادی کردووە.
جەبار مستەفا راشیگەیاند: لە ساڵی 2021 توانراوە (٦٠١،١٥١)م٢ شەش سەد و یەک هەزار و سەد و پەنجا و یەک مەتر دووجا لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە، کە خۆی لە (٢١) کێڵگە مین و(٧) شەڕگە دەگرێـتەوە، دوای پاککردنەوەشی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە و ئێستا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان و ئاژەڵداری بە کاربهێندرێـت.
باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە کرد کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە، کە زیاترە لە (١٨٩٤)هەزار و هەشت سەد و نۆهەد و چوار مین، کە مینی دژە کەسی و دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە (٢٢،٩١٨) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لە خۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنیەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی هاووڵاتی و گیانلەبەران
جەبار مستەفا دڵگرانی خۆشی بە زیادبوونی ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵێ ٢٠٢١ بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند لەو ساڵەدا (٤٢) چل و دوو بەرکەوتوو بە ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەشدا بەداخەوە (١٩) کەسیان گیانیان لەدەستداوە و (٢٣)دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگە مینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام هاووڵاتی هەیە پێیەوە پابەند نابێت و ناچار ڕووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ژمارەی سوودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاند، کە خۆی لە (٣٥،٦١٣) سی و پێنج هەزار و شەسەد و سێزدە کەس لە پیاو و ئافرەت و منداڵ دەگرێتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.